بڕۆ بۆ ناوەڕۆک
ڕۆژئاواسیاسەت

ئەحمەد شەرع ئیلهام ئەحمەدی وەک ئەندامی پەرلەمانی سووریا دانا

1 خولەک خوێندنەوە
ئەحمەد شەرع ئیلهام ئەحمەدی وەک ئەندامی پەرلەمانی سووریا دانا

چی ڕوویدا؟

ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا، بە فەرمانێک سیاسەتمەداری کورد ئیلهام ئەحمەدی وەک پەرلەمانتار لە پەرلەمانی سووریا دانا. چاوەڕوان دەکرێت ئیلهام ئەحمەد لە لیژنەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی پەرلەماندا کار بکات.

ئەم دانانە وەک بەشێک لەو ڕێککەوتنەی یەکخستن ئەنجام درا کە لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکوومەتی دیمەشقدا پێی گەیشتبوون.

فەرمانەکە بە واژووی ئەحمەد شەرع لە دیمەشق دەرکرا. بەڵگەنامەکە مێژووی 5ی تشرینی دووەمی 2026 و ژمارە 200ی لەسەرە. بەپێی فەرمانەکە، دانانەکە پشت بە بڕیارەکانی ڕاگەیاندنی دەستووری و فەرمانی ژمارە 143ی ساڵی 2025 دەبەستێت.

مادەی یەکەمی فەرمانەکە بڕیار دەدات کە ئیلهام ئەحمەد دەکرێتە ئەندامی پەرلەمانی سووریا. بەپێی مادەی دووەم، بڕیارەکە لە ڕۆژنامەی فەرمیی سووریادا بڵاو دەکرێتەوە. هەروەها بڕیارەکە بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت. بەم دانانە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی سووریا گەیشتە 205.

ئیلهام ئەحمەد یەکێکە لە سیاسەتمەدارە هەرە دیارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان. ساڵی 1963 لە عەفرینی سەر بە پارێزگای حەلەب لەدایک بووە. لە ساڵانی 1990ەکانەوە لە ناو سیاسەتدایە. لە ساڵانی ڕابردوودا لە زۆر دامەزراوەی گرنگی ڕۆژئاوای کوردستاندا پۆستی باڵای وەرگرتووە.

لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سووریادا، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤدەم) و دەستەی باڵای کورد. لە ساڵی 2015دا بەشداری لە دامەزراندنی ئەنجومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) کرد. تا تەممووزی 2018 هاوسەرۆکایەتیی ئەنجومەنەکەی کرد. لە نێوان ساڵانی 2018 و 2024دا سەرۆکایەتیی دەستەی جێبەجێکاری مەسەدەی کرد. لەو ماوەیەدا سەردانی زۆر پایتەختی کرد، بە تایبەتی واشنتۆن، پاریس و مۆسکۆ.

پێش دوایین دانانی، هاوسەرۆکی دائیرەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بوو. لەو پۆستەدا لە دانوستانەکانی لەگەڵ دیمەشق و لایەنە نێودەوڵەتییەکاندا ڕۆڵێکی سەرەکیی گێڕا. لەم دواییانەشدا بەشداری لە کۆبوونەوە تایبەتەکان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق دەکرد. لەو کۆبوونەوانەدا باسی بابەتە بنەڕەتییەکانی وەک یەکخستنی دامەزراوەکان، مافە دەستوورییەکانی کورد و خوێندن بە زمانی کوردی کرا.