بڕۆ بۆ ناوەڕۆک
باکوورسیاسەت

عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاک پارتی: نەخشەڕێگا دەرکەوتووە

2 خولەک خوێندنەوە
عومەر چەلیک، وتەبێژی ئاک پارتی: نەخشەڕێگا دەرکەوتووە

چی ڕوویدا؟

عومەر چەلیک، جێگری سەرۆکی گشتی و وتەبێژی پارتی دادپەروەری و گەشەپێدان (ئاک پارتی)، ڕایگەیاند کە ناکرێت ئەو هەنگاوانەی لە سووریا، عێراق و ئێران دەنرێن بە جیا لە یەکتر سەیر بکرێن. چەلیک دوای کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری ناوەندی کە لە بارەگای گشتیی حیزبەکەی ئەنجام درا، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ساز کرد.

ئەو پرۆسەیەی حکوومەتی تورکیا ناوی تورکیای بێ تیرۆری لێ ناوە و دەم پارتیش پەسەندی کردووە، بابەتی سەرەکیی لێدوانەکان بوو. چەلیک ئاماژەی بەوە کرد کە ڕۆژەڤی پەیوەست بە پرۆسەکە جێگیرە. وتی کە حیزبەکەی هەوڵ دەدات پرۆسەکە بە دڵنیاییەوە بگەیەنێتە ئەنجام. چەلیک ڕایگەیاند کە ئەو ماوەیەی تا ئەمڕۆ بڕاوە زۆر بە بەنرخ دەزانێت و نەخشەڕێگا دەرکەوتووە.

چەلیک وتی کە پڕوپاگەندە دەکرێت گوایە پرۆسەکە ئێران و پژاک ناگرێتەوە. لە وەڵامی ئەم پڕوپاگەندەیەدا وتی کە چۆن تورکیای بێ تیرۆر و ناوچەی بێ تیرۆر تێکەڵی یەکترن، چۆن دەستیان لە ناو دەستی یەکتردایە و چۆن لە یەکتر جیا ناکرێنەوە، لە ڕووی ناوچەی بێ تیرۆرەوەش ئەو هەنگاوانەی لە سووریا، لە عێراق و لە ئێران دەنرێن لە یەکتر جیا ناکرێنەوە.

چەلیک ئاماژەی بەوە کرد کە دەکرێت ئەم هەنگاوانە بە ڕێگای جیاواز بنرێن. بە وتەی چەلیک، تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و چۆڵکردنی قەزای شنگال سەر بە پارێزگای لەلایەن یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)وە، دوو ڕێگای جیاوازن لە یەکتر. چەلیک وتی کە دۆخێکی هاوشێوە دەکرێت بۆ پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)یش بێتە ئاراوە.

دوای ئەوەی هەڵسەنگاندنە 50 خاڵییەکەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، کە لە چاوپێکەوتنێکدا سەبارەت بە پرۆسەکە کردبووی، بە چەلیک بیر خرایەوە، پرسیاری لێ کرا کە لە قۆناغی داهاتوودا چ پێشهاتێکی بەرجەستە لە مەیدانەکەدا چاوەڕوان دەکرێت. چەلیک لە وەڵامدا وتی کە ئەو 50 خاڵەی بەڕێز باخچەلی ڕایگەیاندوون، بنەما، نەخشەڕێگا و ڕوانگەگەلێک لەخۆ دەگرن کە پێویستە بە وردی بخوێنرێنەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە خۆشی ئەو هەڵسەنگاندنانەی بە وردی خوێندۆتەوە.

چەلیک جەختی کردەوە کە باخچەلی بە دانایی و ژیرییەوە وەڵامی مشتومڕەکان و هەڵوێستە نەرێنییەکانی سەبارەت بە پرۆسەکە داوەتەوە. وتی کە پێشنیار دەکات هەموو کەسێک ئەو 50 خاڵە بخوێنێتەوە. بە وتەی چەلیک، ئەم هەڵسەنگاندنانە دەستنیشانکردنی گرنگ سەبارەت بە داینامیکەکانی پرۆسەکە، ئەو بنەمایانەی پشتیان پێ دەبەستێت و ئەو وێنایەی داهاتوو کە کراوەتە ئامانج، لەخۆ دەگرن. چەلیک وتی کە ئەو مۆدێل، فۆرموول و هاوکێشانەی چارەسەر کە لەبەردەستیاندان، ئیدی بەس نین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە. هەروەها پرسی کە چۆن دەتوانن بەبێ دەستبەرداربوون لە بنەماکان، مۆدێلی نوێی چارەسەر و هاوکێشەی نوێ بدۆزنەوە کە هەموو کەسێک بە شێوەیەکی گشتگیر تێیدا جێی ببێتەوە، و چۆن دەتوانن ڕوانگەی نوێ بەرهەم بهێنن.