بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئامەد ڕایگەیاند کە 67 گومانلێکراوی مادەی هۆشبەر دەستگیر کران

چی ڕوویدا؟
بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی پارێزگای ئامەد ڕایگەیاند کە لەو ئۆپەراسیۆنانەی دژی مادەی هۆشبەر لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان ئەنجام دران، 67 گومانلێکراو دەستگیر کران. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا جگە لە مادەی هۆشبەر، دەست بەسەر چەک و تەقەمەنیشدا گیراوە.
بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، تیمەکانی سەر بە لقی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە ماوەی مانگێکدا چەندین ئۆپەراسیۆنیان لە شوێنە جیاجیاکانی شارەکەدا ئەنجام دا. لە ئەنجامی ئەم ئۆپەراسیۆنانەدا ڕێکاری یاسایی بەرامبەر 104 گومانلێکراو گیرایە بەر. 67 کەس لە گومانلێکراوەکان بە بڕیاری دادگا دەستگیر کران و ڕەوانەی زیندان کران. 17 کەسی دیکەش بە مەرجی چاودێریی دادوەری ئازاد کران.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەو مادانەشی کە لە ماوەی مانگێکدا دەستیان بەسەردا گیرابوو یەک بە یەک ڕیز کرد. لە سەرەوەی لیستەکەدا نزیکەی 69 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆری حەشیش و سکەنک بوو. تیمەکان هەروەها زیاتر لە 20 کیلۆگرام مێتەمفیتامین و 15745 نەمامی ڕووەکی کەنەبیسیان دۆزییەوە. لە نێو مادە دەستبەسەرداگیراوەکاندا 6832 حەبی هۆشبەر و 549 گرام بنێشتی ئەفیۆنیش هەیە. هەروەها 481 گرام کۆکاین و 182 حەبی ئێکستازیش لە نێو ئەو مادانەدا بوون.
بەپێی بەڕێوەبەرایەتییەکە، تیمەکان جگە لە مادەی هۆشبەر دەستیان بەسەر 6 دەمانچە و 6 تفەنگی بێ مۆڵەتدا گرت. لە ئۆپەراسیۆنەکاندا هەروەها دەست بەسەر 133 فیشەکدا گیرا.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پاراستنی گومرگەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانیش ئاماری ئۆپەراسیۆنەکانی دەروازە سنوورییەکانی بڵاو کردەوە. بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا لە دەروازە سنوورییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا دەست بەسەر 52.6 تۆن مادەی هۆشبەردا گیرا.