هاوپەیمانیی عەرەبی: درۆنێکی حووسییەکان لە ناوچەی مەککە لەناوبرا

چی ڕوویدا؟
هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی (درۆن) لە ناوچەی مەککە لەناوبردووە. وتەبێژی هاوپەیمانیی عەرەبی، لیوا تورکی ئەلمالیکی، ئەم لێدوانەی لە ڕێگەی هەژمارەکەی خۆیەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاو کردەوە. بەپێی وتەی ئەلمالیکی، حووسییەکانی یەمەن (ئەنسارولڵا) کە ئێران پشتگیرییان دەکات، ئەو درۆنەیان ناردووە. ئەلمالیکی ئاشکرای کرد، درۆنەکە لە ناوچەی مەککەی موکەڕەمە ڕاگیراوە و لەناوبراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سعودیەش لێدوانێکی جیای بڵاو کردەوە. بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، حووسییەکان 2 مووشەکی بالیستییان هاویشت. لە کاتی بەرپەرچدانەوەی مووشەکەکاندا، پارچەکانی شاراپنێل کەوتنە سەر ڕیاز، پایتەختی سعودیە. بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی ڕایگەیاند، بەهۆی شاراپنێلەوە 1 کەس بە سووکی بریندار بووە. هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای کرد، زیانی ماددی بە خانوویەک و ئۆتۆمبێلێک گەیشتووە.
لەم دواییانەدا لە یەمەن پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی حکوومەت و حووسییەکان چڕتر بوونەتەوە. حووسییەکان سعودیە بە بەرپرسیاری ئەو هێرشانە دەزانن کە دەکرێنە سەریان. بەم پاساوە، گرووپەکە بە مووشەکی بالیستی و درۆن سعودیە دەکاتە ئامانج. شەڕی ناوخۆی یەمەن لە ئەیلوولی 2014دا دەستی پێ کرد، کاتێک حووسییەکان دەستیان بەسەر سەنعای پایتەخت و هەندێک پارێزگادا گرت. هاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرکردایەتیی سعودیە لە ئازاری 2015ەوە پشتگیریی حکوومەتی یەمەن دەکات کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دانی پێدا ناوە.