بڕۆ بۆ ناوەڕۆک
ڕۆژهەڵاتکولتوور

باوک و کوڕێک کتێب بۆ گوندەکانی جوانڕۆ و هەورامان دەبەن

2 خولەک خوێندنەوە
باوک و کوڕێک کتێب بۆ گوندەکانی جوانڕۆ و هەورامان دەبەن

چی ڕوویدا؟

لە ناوچەی جوانڕۆ و هەورامان، سەر بە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باوک و کوڕێک بە ئۆتۆمبێلێکی پڕ لە کتێب گوند بە گوند دەگەڕێن. ئەو دووانە هۆنراوە، چیرۆک و وانە بە کوردی و فارسی بۆ منداڵان و مێرمنداڵانی نزیکەی 12 گوند دەڵێنەوە.

دوو کەس لە پشت ئەم پڕۆژە ڕۆشنبیری و پەروەردەییەوەن: شەهاب محەممەدی، بەرپرسی کتێبخانەی گەڕۆکی جوانڕۆ، و حوسێن محەممەدی، مامۆستای خانەنشین. بەهۆی ئەم دەستپێشخەرییەوە، دووری لە شار و کەمیی دەرفەتەکان چیتر ڕێگر نین لە بەردەم خوێندنەوەی منداڵانی ناوچەکە.

شەهاب محەممەدی دەڵێت کە ئامانجیان هۆشیارکردنەوەی منداڵانە، منداڵانی گوند دەرفەتی پێویستیان نییە، ئەوان کتێبیان بۆ دەبەن و منداڵانیش کتێبەکان دەخوێننەوە و ئەمەش کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەیە.

شەهاب محەممەدی وتی کە لە هەموو بوارەکاندا کتێبیان هەیە. ئاماژەی بەوە کرد کە زۆربەی سەرچاوەکان بۆ منداڵان و مێرمنداڵانن. هەروەها ڕایگەیاند کە نزیکەی 3800 کتێبیان لە بەردەستدایە و منداڵان بۆ خوێندنەوەی چیرۆک و هۆنراوە دێنە لایان.

حوسێن محەممەدیش تەنیا بە سەرچاوە دەرەکییەکان ڕازی نابێت. ئەم مامۆستا خانەنشینە زیاتر لە 18 کتێبی بە کوردی بۆ منداڵان و گەورەساڵان چاپ کردووە. حوسێن محەممەدی دەڵێت کە جگە لە وانەگوتنەوە، چەند کتێبێکیشی بۆ منداڵان چاپ کردووە. وتیشی کە ئەو کتێبە هۆنراوانەی نووسیوە تاکوو منداڵان زمانی کوردییان لەبیر نەچێتەوە. هەروەها وتی کە تەنانەت چیرۆکی کوردیشی بۆیان نووسیوە و کاتێک لە قوتابخانە چیرۆکەکانی بۆ دەخوێندنەوە، زۆریان پێ خۆش دەبوو و هۆگریان دەبوون.

کتێبخانە گەڕۆکەکە کەموکوڕیشی هەیە. پڕۆژەکەش وەک هەر پڕۆژەیەکی دیکە پاڵپشتیی داراییی دەوێت. سەرەکیترین پێداویستی، باشترکردنی ڕووخسار و دۆخی ئۆتۆمبێلەکەیە. یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەکە دەڵێت کە ئەم کتێبخانەیە کەموکوڕییەکی هەیە، بەتایبەتی لە ڕووخساری ئۆتۆمبێلەکەیدا. هەروەها وتی کە ئەگەر ئۆتۆمبێلەکە ڕووخسارێکی جوانتری هەبووایە، خەڵک باشتر پێشوازییان لێ دەکرد، چونکە خەڵکی ناوچەکە پێویستی بە یارمەتی و خوێندەوارییەکی باشتر هەیە.

بەرپرسانی کتێبخانەکە دەڵێن کە منداڵانی ناوچەکە لێهاتوو و هۆشیارن. بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کرد کە منداڵان خولیایەکی زۆریان بۆ فێربوون و خوێندنەوە هەیە. هەروەها وتیان کە ئەم خولیایە هانی داون کتێبی نوێی کوردی چاپ بکەن.

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە هاوکات لەگەڵ هەفتەی کتێب لە ئێران، چالاکییە ڕۆشنبیرییەکان لە شارەکەدا زیادیان کردووە. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی منداڵان و مێرمنداڵانی جوانڕۆ چالاکییەکی ڕێکخست کە تێیدا بە بەشداریی قوتابیان 2000 کتێب ئاڵوگۆڕ کران. لە پارێزگای کرماشانیش نزیکەی 250 بەرنامەی ڕۆشنبیری بۆ ئەم هەفتەیە ڕاگەیەنران.