ناوەندی قەیرانەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان: بەغدا بڕێکی کەم سووتەمەنی دەداتە ئاوارەکان

چی ڕوویدا؟
سروە رەسوڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (JCC) سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە حکوومەتی فیدراڵ چەندین ساڵە هاوکاریی ئاوارەکانی ناو هەرێمەکە ناکات. رەسوڵ هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی فیدراڵ کەمتر لە نیوەی ئەو سووتەمەنییە دەنێرێت کە پێویستە.
رەسوڵ ڕۆژی یەکشەممە، 18ی تشرینی یەکەمی 2026، لە لێدوانێکدا وتی کە چەندین جار نووسراویان بۆ حکوومەتی فیدراڵ ناردووە تاوەکو هاوکاریی ئەو ئاوارانە بکەن کە لە هەرێمی کوردستان دەژین. بەڵام وتیشی کە حکوومەتی فیدراڵ چەندین ساڵە بە هیچ شێوەیەک هاوکاریی نەکردوون و هیچ جۆرە پشتگیرییەک بە ئاوارەکان نادات.
رەسوڵ ئاماژەی بە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وەرزی زستان کرد و وتی کە هەموو ساڵێک نووسراو بۆ وەزارەتی نەوتی عێراق دەنێرن تاوەکو سووتەمەنی بۆ ئاوارەکانی ناو کەمپەکان دابین بکات. وتیشی کە ئەمساڵیش نووسراویان ناردووە و پار وەزارەتەکە سووتەمەنیی نارد، بەڵام زۆر درەنگ و زۆر کەمی نارد.
رەسوڵ هەروەها وتی کە بۆ هەر خێزانێکی ئاوارە ساڵانە پێویستیان بە دوو بەرمیل سووتەمەنی هەیە (واتا 400 لیتر)، کەچی عێراق تەنیا 100 یان 200 لیتر بۆ هەر خێزانێک دەنێرێت و ئەم بڕەش زۆر کەمە.
بەپێی داتاکانی JCC، لە هەرێمی کوردستان 569 هەزار و 310 ئاوارە دەژین کە لە ناوچەکانی دیکەی عێراقەوە هاتوون و لە 114 هەزار و 690 خێزان پێکدێن.
بە هەژمارکردنی دوو بەرمیل (400 لیتر) سووتەمەنی بۆ هەر خێزانێک لە ساڵێکدا، کۆی گشتیی بڕەکە بۆ هەموو خێزانەکان دەگاتە 229 هەزار و 380 بەرمیل (45 ملیۆن و 876 هەزار لیتر).
ئەگەر بەغدا تەنیا 100 لیتر (نیو بەرمیل) بۆ هەر خێزانێک بنێرێت، ئەم بڕە دەکاتە 57 هەزار و 345 بەرمیل (11 ملیۆن و 469 هەزار لیتر). بەم شێوەیە تەنیا لە سەدا 25ی پێداویستییەکە دابین دەکرێت و لە سەدا 75 کورتهێنان دەمێنێتەوە.
ئەگەر 200 لیتر (یەک بەرمیل) بۆ هەر خێزانێک بنێردرێت، کۆی گشتی دەگاتە 114 هەزار و 690 بەرمیل (22 ملیۆن و 938 هەزار لیتر)، واتا بەغدا تەنیا لە سەدا 50ی پێداویستییەکە دابین دەکات.
بەپێی JCC، پارێزگای دهۆک بە 286 هەزار و 313 کەس (لە سەدا 50) زۆرترین ژمارەی ئاوارەی لەخۆ گرتووە و دوای ئەو هەولێر بە 187 هەزار و 427 ئاوارە (لە سەدا 33) دێت.
لە سلێمانیش 95 هەزار و 570 ئاوارە (لە سەدا 17) دەژین. لەم پارێزگایەدا هیچ کەمپێکی ئاوارە نییە و هەموو ئاوارەکان لە دەرەوەی کەمپەکان دەژین.
بەپێی ڕاپۆرتی JCC، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان بۆ ئاوارە و پەنابەران ساڵانە پێویستی بە زیاتر لە 850 ملیۆن دۆلار هەیە.
تێچووی خزمەتگوزارییەکان ڕۆژانە زیاتر لە 2.3 ملیۆن دۆلار و مانگانەش زیاتر لە نزیکەی 71 ملیۆن دۆلار هەژمار دەکرێت.