لە 3 پارێزگای باکووری کوردستان بەفر باری

چی ڕوویدا؟
ڕۆژی هەینی، 30ی تشرینی یەکەمی 2026، لە ناوچە بەرزەکانی پارێزگاکانی مووش، قەرس و ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان بەفر باری. ناوچە شاخاوییەکانی هەر سێ پارێزگاکە بە یەکەم بەفری وەرز سپیپۆش بوون.
لە مووش لووتکەی چیاکان بە بەفر داپۆشران. بەفرێکی زۆر لە چیای چاوشتەپە باری، کە بەرزییەکەی دەگاتە 2 هەزار و 550 مەتر. لەسەر ئەو ڕێگایەی بەرەو کۆمەڵە گوندی سێماڵ لە چیای چاوشتەپە دەچێت، شۆفێران لە هاتووچۆدا تووشی ئاستەنگ بوون. تیمەکانی سەر بە کارگێڕیی پارێزگای مووش دەستیان بە ڕاماڵینی بەفر کرد. تیمەکان بۆ کردنەوەی ڕێگاکان دەستیان بە کار کرد.
قەزای قاموشانی پارێزگای قەرس بە گەشتیاریی زستانە و سەنتەرەکانی خلیسکێنە ناسراوە. لە ناوچە شاخاوییەکانی قەزاکەش یەکەم بەفری ساڵ باری. لە سەنتەری خلیسکێنەی قاموشان، ئەو بارانەی لە کاژێرەکانی ئێوارەوە دەباری جێگەی خۆی بۆ بەفر چۆڵ کرد. بەشی سەرەوەی شوێنەکە، کە 2 هەزار و 634 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، سپیپۆش بوو.
لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەرزەڕۆمیش دوای باران بارینی بەفر دەستی پێ کرد. بەفر لووتکەی چیای پاڵاندۆکانی داپۆشی، کە بەرزییەکەی دەگاتە 3 هەزار و 176 مەتر.
یەکەم بەفری وەرز لە هەر سێ پارێزگاکەدا دیمەنی سەرنجڕاکێشی دروست کرد.
مووش، قەرس و ئەرزەڕۆم لەو پارێزگایانەی باکووری کوردستانن کە زستان تێیاندا زوو دێت. لەم پارێزگایانەدا وەرزی زستان ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت و بەفرێکی زۆر دەبارێت.