بڕۆ بۆ ناوەڕۆک
باکوورسیاسەت

دوایین سەرۆکی شارەوانیی جەهەپە لە شرنەخ وازی لە حیزبەکە هێنا

1 خولەک خوێندنەوە
دوایین سەرۆکی شارەوانیی جەهەپە لە شرنەخ وازی لە حیزبەکە هێنا

چی ڕوویدا؟

سەعدوون شانڵی، سەرۆکی شارەوانیی قەسرکێ سەر بە پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان، ڕایگەیاند کە لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) وازی هێناوە. شانڵی بڕیاری دا لەمەودوا بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەرکەکەی درێژە پێ بدات.

بەم وازهێنانە جەهەپە لە سەرانسەری شرنەخ هیچ شارەوانییەکی نەما کە بەڕێوەی ببات. بەم شێوەیە حیزبەکە دوایین قەڵای خۆیشی لەو پارێزگایە بە فەرمی لەدەست دا.

شانڵی تاوەکو ئێستا سەبارەت بە هۆکاری جیابوونەوەی لە حیزبەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمیی نەداوە. دوای ئەوەی هەواڵی وازهێنانەکەی بیسترا، دەنگۆی زۆر بڵاو بوونەوە کە ڕەنگە شانڵی بچێتە ناو پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی). بەپێی ئەو دەنگۆیانە، شانڵی لەگەڵ ئارسڵان تاتار، پەرلەمانتاری ئاکپارتی لە شرنەخ، کۆبووەتەوە. هەمان دەنگۆکان ئەوەشیان خستە ڕوو کە کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ محەممەد یەرکا، سەرۆکی لقی شرنەخی ئاکپارتی، کراوە.

شانڵی لە هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی 31ی ئازاری 2024دا لەسەر لیستی جەهەپە خۆی کاندید کردبوو. لە هەڵبژاردنەکەدا 841 دەنگی بەدەست هێنا و لە سەدا 50ی دەنگەکانی بردەوە. بەڵام محەممەد شانڵی، کاندیدی ئاکپارتی، 558 دەنگی بەدەست هێنا کە دەکاتە لە سەدا 33.3.