سەرۆکی شارەوانیی هەولێر: زیاتر لە 600 فەرمانبەر لە پاککردنەوەی لافاوەکەدان

چی ڕوویدا؟
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، ڕایگەیاند کە لافاو و بارانە بەهێزەکان کە بەر شارەکە کەوتن، بوونە هۆی گیانلەدەستدان، هەروەها زیانی ماددیی گەورەیان بە ماڵی هاووڵاتیان و موڵکە گشتییەکان گەیاند.
کارزان هادی ئاماژەی بەوە کرد کە زیاتر لە 600 فەرمانبەر و کارمەندی خزمەتگوزاری بۆ کارەکانی پاککردنەوە، لابردنی داروپەردوو و دەستنیشانکردنی زیانەکان خراونەتە کار. ڕوونیشی کردەوە کە تیمە مەیدانییەکانی شارەوانی بە چڕی لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان بڵاوبوونەتەوە، بۆ ئەوەی کەناڵەکانی ئاوەڕۆ پاک بکەنەوە و ئاوی کەڵەکەبوو دەربکەن.
هادی وتی ئەوەی تا ئێستا ئامارێکی یەکلاکەرەوە و کۆتایی زیانەکان ڕانەگەیەندراوە، بەهۆی بەردەوامبوونی کارە مەیدانییەکانەوەیە. وتیشی ئۆتۆمبێلی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان زیانیان پێگەیشتووە و لە ئاودا نقووم بوون. ئاماژەی بەوەش کرد کە بە تایبەتی لە ناوچەی تونێلی ڕزگاری هێشتا هەندێک ئۆتۆمبێل لە ژێر ئاودان.
سەرۆکی شارەوانی ڕایگەیاند کە کارمەندانی خزمەتگوزاری و تیمەکانی ئەندازیاری شەو و ڕۆژ کار دەکەن، بۆ ئەوەی شەقامەکان دووبارە بکەنەوە و ئەو بەربەستانە لاببەن کە لە کۆبوونەوەی ئاو دروست بوون. ئەوەشی خستەڕوو کە ئامانج دابینکردنی هاتوچۆ و گەڕاندنەوەی ژیانە بۆ دۆخی ئاسایی لە هەموو گەڕەکەکانی پایتەختدا.
ئێوارەی شەممە، 7ی تشرینی دووەمی 2026، چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بارانی لەناکاو و توند بوونەوە. قورسایی بارانەکە لە ناوەندی شاری هەولێر و دەوروبەری چڕ بووەوە. ئەم بارانە بووە هۆی بەرزبوونەوەی خێرای ئاستی ئاو و دروستبوونی لافاو لە چەندین شەقامی سەرەکیدا. بە تایبەتی لە سنووری قەزای کەسنەزان و گەڕەکی هەولێری نوێ دەیان ماڵ زیانیان پێگەیشت؛ لە بەشێکی زۆری شارەکەشدا قەرەباڵغیی قورسی هاتوچۆ دروست بوو.