پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند لەبەردەم دادگا تۆمەتبارێکی چەکداری دەستگیر کردووە

چی ڕوویدا؟
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، لەبەردەم باڵەخانەی دادگای بەرایی پلانێکی تاوانکارییان پووچەڵ کردووەتەوە. بەپێی ئەو ڕاگەیەندراوەی پۆلیس پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەمی 2026 بڵاوی کردەوە، تۆمەتبارێکی چەکدار لە شوێنی ڕووداوەکە دەستگیر کرا. ڕووداوەکە لەبەردەم دادگای بەرایی هەولێر لە باشووری کوردستان ڕووی دا.
بەپێی پۆلیس، ڕووداوەکە چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026 ڕووی داوە. لەو کاتەدا دادگاییکردنی دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی ه.ت و م.ت لە دادگاکە بەردەوام بوو. پۆلیس ئاماژەی بەوە کرد، ئەو دوو کەسە لە 25ی ئایاری 2024 ڕەوانەی دادگا کراون. ئەو دوو تۆمەتبارە بە کوشتنی ئامۆزایەکی خۆیان بە ناوی ک.ک.م تۆمەتبارن.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیس، لە کاتێکدا دانیشتنەکە بەردەوام بوو، کەسێک بە ناوی م.ج.م بە مەبەستی تۆڵەسەندنەوە هەوڵی دا بە چەک تاوانێک بکات. تۆمەتبارەکە بۆ ئەوەی ناسنامەکەی ئاشکرا نەبێت، ماسکی لە دەموچاوی بەستبوو. تیمەکانی پۆلیس پێش ئەوەی بگاتە مەبەستەکەی ڕێگرییان لێ کرد. تۆمەتبارەکە دەستبەجێ دەستگیر کرا و دەست بەسەر چەکەکەیدا گیرا.
پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکە ڕادەستی دەسەڵاتە دادوەرییەکان کراوە. پۆلیس هەروەها ڕایگەیاند، دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەسەر تۆمەتبارەکە کراوەتەوە.