بڕۆ بۆ ناوەڕۆک
باشوورکۆمەڵگا

جێگری پارێزگاری هەولێر: زیانەکانی لافاوەکە تۆمار دەکرێن

1 خولەک خوێندنەوە
جێگری پارێزگاری هەولێر: زیانەکانی لافاوەکە تۆمار دەکرێن

چی ڕوویدا؟

جێگری پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر، ڕایگەیاند کە هەموو ئەو زیانانەی لافاوەکە دروستی کردوون تۆمار دەکرێن. قادر هەروەها وتی کە شوێنی حەوانەوە و خواردن بۆ ئەو کەسانە دابین کراوە کە خانووەکانیان زیانیان پێ گەیشتووە.

قادر ڕۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەم، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە چەندین لیژنە پێکهێنراون. وتی کە یەکێک لەوانە لیژنەی دیاریکردنی زیان و لەدەستچووەکانە.

قادر ڕایگەیاند کە ژووری قەیران لەگەڵ شارەوانی، بەشی یاسایی، بەشی تەکنیکیی میکانیکی و بەرگریی شارستانی زیانەکان هەڵدەسەنگێنێت. وتی کە بۆ بەدواداچوونی کەموکوڕییەکان، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان ئەرکیان پێ سپێردراوە.

قادر سەبارەت بە زیانی ئۆتۆمبێلەکان و کەرتەکانی کشتوکاڵ و کارەبا وتی کە بەشی میکانیکی و بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ زیانی ئۆتۆمبێلەکان دیاری دەکەن. هەروەها وتی کە زیانەکانی تۆڕی کارەبا و چاککردنەوەی کارەبای گەڕەکەکان ئەرکی لیژنەیەکی بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا دەبێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی هەولێریش ئەگەر زیان یان لەدەستچوون لە کەرتی کشتوکاڵدا هەبێت، دیاریی دەکات.

قادر ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک لە لیژنەکان لە 7ی تشرینی دووەم دەستیان بە کار کرد و هەموویان لە 8ی تشرینی دووەم بە چڕی کەوتنە کار.

قادر سەبارەت بە هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان وتی کە لە دوێنێوە چەندین هۆتێل ئامادەیی خۆیان ڕاگەیاندووە بۆ دابینکردنی شوێنی مانەوە بۆ ئەو کەسانەی خانووەکانیان زیانی پێ گەیشتووە. هەروەها وتی کە بە هاوکاریی دەزگای خێرخوازیی بارزانی خواردنی گەرم و پێداویستییە سەرەکییەکان دابین کراون و زێرەڤانی و هێزە ئەمنییەکانیش هاوکارییان کردوون.

قادر سەبارەت بە قەرەبووکردنەوەش وتی کە داتاکان کۆ دەکەنەوە و تۆماریان دەکەن، بەڵام پێویستە بڕیاری چۆنیەتیی پێدانی قەرەبوو بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیران بدرێت.

ئێوارەی 7ی تشرینی دووەم، نزیکەی کاتژمێر 19.00، بارانێکی بەخوڕ لە هەولێر باری و لافاو هەستا. بەپێی ڕاگەیەندراوی دەستەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، ئەو شەوە 70 ملیمەتر باران لە هەولێر باری. ئەم بارانە بووە هۆی لافاو؛ دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەست دا و دەیان خانوو و ئۆتۆمبێل زیانی ماددییان پێ گەیشت.