67 هەزار سەردان و 13 هەزار منداڵبوون لە 10 مانگدا لە نەخۆشخانەیەکی هەولێر

چی ڕوویدا؟
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان داتاکانی کار و چالاکییەکانی نەخۆشخانەی فێرکاریی ئافرەتان و منداڵبوونی هەولێری بۆ ماوەی 1ی کانوونی دووەم تا 31ی تشرینی یەکەم بڵاو کردەوە. وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کرد کە بە ڕاسپاردە و پشتگیریی بەردەوامی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، بەردەوامە لە پەرەپێدانی کەرتی تەندروستی و نەخۆشخانە گشتییەکان. ڕایگەیاند کە ئامانج پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستیی بێبەرامبەر و کوالیتی بەرزە بە هاووڵاتیان.
بەپێی لێدوانی وەزارەتەکە، لەم ماوەیەدا 67 هەزار و 301 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەکەیان کرد. ژمارەی ئەو نەخۆشانەی خەوێنران 28 هەزار و 77 بوو.
لە هەمان ماوەدا بە گشتی 13 هەزار و 610 منداڵ لەدایک بوون. لەوانە 8 هەزار و 491 منداڵ بە منداڵبوونی ئاسایی لەدایک بوون (4 هەزار و 265 کوڕ، 4 هەزار و 226 کچ). ژمارەی ئەو منداڵانەی بە نەشتەرگەریی قەیسەری لەدایک بوون 5 هەزار و 119 بوو (2 هەزار و 685 کوڕ، 2 هەزار و 434 کچ). لە بەشی منداڵانی پێش وەختدا 6 هەزار و 600 منداڵ چارەسەر کران.
لە بەشی فریاکەوتندا 3 هەزار و 673 خەواندن تۆمار کرا. لە یەکەی چاودێریی چڕدا (ICU) 301 حاڵەت چاودێری کران. بەشی منداڵی تاقیگەیی 3 هەزار و 86 داواکاریی وەرگرت. 255 هەزار و 397 پشکنینی تاقیگە، 59 هەزار و 936 سۆنار و 2 هەزار و 647 تیشکی ئێکس تۆمار کران.
وەزارەتەکە دابەشبوونی نەشتەرگەرییەکانی ئەو ماوەیەشی بڵاو کردەوە:
| نەشتەرگەریی بچووک | 327 |
|---|---|
| نەشتەرگەریی مامناوەند | 1003 |
| نەشتەرگەریی گەورە | 2905 |
| نەشتەرگەریی گەورەی پێشکەوتوو | 2457 |
وەزارەتەکە جەختی کردەوە کە خۆی و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی بە هەموو توانایانەوە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردنی هاووڵاتیان. لە لێدوانەکەدا سوپاسی هەموو ئەو پزیشک و پەرستار و کارمەندانە کرا کە لە نەخۆشخانەکەدا کار دەکەن، بۆ خزمەتی بەردەوامیان بە نەخۆشان.