UKMTO ڕایگەیاند تانکەرێک لە نزیک گەرووی هورمز پێکراوە

چی ڕوویدا؟
ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا (UKMTO) ڕایگەیاند کە تانکەرێک لە ئاوەکانی نزیک کەناری عومان پێکراوە. بەپێی UKMTO، دوو تەنی نەناسراو بەر تانکەرەکە کەوتوون. کەشتییەکە لە کاتی ڕووداوەکەدا لە 14 میلی دەریایی باکووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی لیمای عومان دەڕۆیشت.
بەپێی زانیارییەکانی UKMTO، بەرپرسی ئاسایشی کۆمپانیای کەشتییەکە پشتڕاستی کردەوە کە دوو تەقەمەنی بەر ژووری ماکینەکە کەوتوون.
UKMTO ڕایگەیاند کە بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان، کەس لە ڕووداوەکەدا گیانی لەدەست نەداوە. دامەزراوەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە هیچ پیسبوونێکی ژینگەیی لە دەریادا دروست نەبووە. UKMTO ئاشکرای کرد کە بەرپرسان بەردەوامن لە لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە سەرچاوە ناوخۆییەکانەوە دەستی کەوتوون، لە شارەکانی بەندەر عەباس و سیریک سەر بە پارێزگای هورمزگانی ئێران دەنگی تەقە بیسترا. هەردوو شارەکە لە کەناری گەرووی هورمز هەڵکەوتوون. تەسنیم ئەوەشی بانگەشە کرد کە لە ناوچەکەدا تەقە لەو کەشتییانە کراوە کە پێچەوانەی ئەو ڕێسایانە جووڵاون کە ئێران دایناون.