دوای دوو ساڵ داخران، کۆشکی داد لە قامشلۆ دووبارە کرایەوە

چی ڕوویدا؟
کۆشکی داد لە قامشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان، دوای دوو ساڵ داخران، دووبارە بۆ خزمەتگوزاری کرایەوە. غازی شێخ ئیبراهیم، داواکاری گشتی، ڕایگەیاند کە دادگاکان دەستیان بە وەرگرتنی داواکارییەکانی هاووڵاتیان کردووە.
کردنەوەکە لە قامشلۆ کە سەر بە پارێزگای حەسەکەیە، ڕۆژی یەکشەممە 15ی تشرینی دووەم ئەنجام درا.
نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، غازی شێخ ئیبراهیم، داواکاری گشتیی پارێزگاکە، و هەندێک بەرپرس لە کردنەوەکەدا بەشدار بوون.
غازی شێخ ئیبراهیم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە سازی کرد، ڕایگەیاند کە کار لە کۆشکی داد دووبارە دەستی پێکردووەتەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە دەرگاکان بۆ هاووڵاتیان کراوەن و دەتوانن کاروبار و داواکارییە یاساییەکانیان ئەنجام بدەن.
پارێزەر ئیبراهیم ئەحمەد وتی داخرانی دوو ساڵی ڕابردوو کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ژیانی خەڵکی ناوچەکە هەبووە. ئەوەشی خستەڕوو کە دووبارە کردنەوەکە هەنگاوێکی ئەرێنییە و باری هاووڵاتیان سووک دەکات.
ئیبراهیم ئەحمەد باسی لەوە کرد کە لە ماوەی داخرانەکەدا خەڵکی قامشلۆ و دەوروبەری ناچار بوون بۆ کاروباری دادوەری بچنە شارەکانی تر. وتی ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی ڕووبەڕووی زۆر سەختی و ئاستەنگ ببنەوە.
غازی شێخ ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد کە کارەکە لەسەر بنەمای سیستەمی پێشوو دەستی پێکردووەتەوە. ئەوەشی وت کە وەرگرتنی سکاڵا و دۆسیەکانی خەڵک دەستی پێکردووە و چەند ڕۆژێکی دەوێت تا کارەکان بە تەواوی جێگیر ببن.
نورەدین ئەحمەد، پارێزگاری حەسەکە، وتی بڕیارەکە دادوەرانی پێشووشی گرتووەتەوە و پێکهاتەیەکی نوێ پەسەند کراوە. ئاماژەی بەوە کرد کە هەموو دادگاکان ئێستا سەر بە وەزارەتی دادن و وەک پارێزگاکانی تری سووریا بەردەوام دەبن لە کارکردن. جەختی کردەوە کە هەر یاسا و بڕیارێک لە وەزارەتی دادەوە دەربچێت، هەروەک لە شارەکانی حەلەب و دیمەشق، لێرەش جێبەجێ دەکرێت.
کۆشکی داد لە قامشلۆ و هەندێک لە فەرمانگە دادوەری و خزمەتگوزارییەکانی حەسەکە، نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر (کۆتایی ساڵی 2024) بە تەواوی داخرابوون. ئەم داخرانە دوای گۆڕانکارییە خێراکانی مەیدانی و کارگێڕی لە سووریا ڕوویدابوو.