هەڵەبجە بە چالاکی پێشوازی لە 157هەمین ساڵیادی بوونی بە قەزا دەکات

چی ڕوویدا؟
ڕۆژی سێشەممە 24ی تشرینی دووەمی 2026، لە هەڵەبجەی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی ساڵیادی بوونی شارەکە بە قەزا لە 157 ساڵ لەمەوبەر، چالاکیی هونەری و کولتووری بەڕێوە دەچێت.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕۆژی 14ی نیسانی 2025، لە دانیشتنێکی خولی پێنجەمیدا، یاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی پەسەند کرد. 178 پەرلەمانتار ئامادەی دانیشتنەکە بوون و یاساکە بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕی. ڕاگەیەنرا کە دەنگی پێویست بە هەوڵی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەکێتی) و سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆکرایەوە.
یاساکە پشت بە بڕگەی یەکەمی ماددەی 61ی دەستووری عێراق دەبەستێت. ماددەی یەکەمی یاساکە لە هەرێمی کوردستان دەکاتە 19هەمین پارێزگای عێراق. ناوەندی پارێزگاکە قەزای هەڵەبجە دەبێت. یاساکە لە ڕێکەوتی بڵاوبوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی عیراقیدا دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هۆکارەکانی یاساکە بریتین لە گەشەسەندنی شارەکە لە بواری ئاوەدانی و دانیشتووان و ئەو قوربانییانەی خەڵکی شارەکە داویانە. بۆردومانکردنی شارەکە لەلایەن ڕژێمی پێشووەوە لە ئازاری 1988 بە چەکی کیمیاییی قەدەغەکراو، ببووە هۆی زیانی گیانی، ماددی و ژینگەیی لە شارەکەدا.
لەو نەخشەیەدا کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق پەسەندی کردووە، ناحیەکانی سیروان، خورماڵ، بیارە و بەمۆ دەکەونە ناو سنووری پارێزگاکەوە. هەموو سنووری دەرەوەی پارێزگاکە لەگەڵ ئێرانە و سنوورە ناوخۆییەکانیشی لەگەڵ پارێزگاکانی سلێمانی و دیالە هاوبەشن. پارێزگاکە لە یەک قەزا، چوار ناحیە و 166 گوند پێکدێت.
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری ئەوکاتی عێراق، ڕۆژی 29ی نیسانی 2025 لە کاتژمێر 11:35دا، کە کاتی دەستپێکردنی هێرشە کیمیاییەکەیە، مەرسوومەکەی واژۆ کرد. رەشید مەرسوومەکەی ڕادەستی نزار ، لێپرسراوی ئەوکاتی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەغدا و سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق، و نوخشە ناسیح، پارێزگاری هەڵەبجە کرد. یاساکە ڕۆژی 5ی ئایاری 2025 لە وەقائیعی عیراقیدا بڵاوکرایەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 13ی ئازاری 2014 هەڵەبجەی وەک چوارەمین پارێزگای هەرێمەکە ناسیبوو. ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی پرۆژەیاساکەی ڕۆژی 2ی نیسانی 2023 و خوێندنەوەی دووەمی ڕۆژی 4ی ئایاری 2023 ئەنجام دا. دانیشتنەکان پێنج جار دواخران. ئەنجوومەنەکە ڕۆژی 27ی نیسانی 2025 یاساکەی ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرد.