بڕۆ بۆ ناوەڕۆک
ڕۆژهەڵاتکۆمەڵگا

بەپێی دەسەڵاتی دادوەری ئێران، سێ دەستبەسەرکراوی ناڕەزایەتییەکان لە کەرەج لە سێدارە دران

1 خولەک خوێندنەوە

چی ڕوویدا؟

دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵدەری میزانی سەر بە خۆیەوە ڕایگەیاند کە سزای سێدارەی سێ کەس بە ناوەکانی حەسەن دیوبەند، حەمید کازمی و ڕەزا زەنگەنە لە کەرەج جێبەجێ کراوە. ڕاگەیەندراوەکە بەیانیی ڕۆژی یەکشەممە 8ی تشرینی دووەمی 2026 بڵاو کرایەوە.

ئەم سێ کەسە لەناو ئەو کەسانەدا بوون کە لە ماوەی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی 1404 (کانوونی یەکەمی 2025 تا کانوونی دووەمی 2026) دەستبەسەر کرابوون. بەپێی ڕاپۆرتی میزان، هەم بڕیاری لەسێدارەدان و هەم بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم مۆڵک و ماڵیان بەسەردا درابوو.

بەپێی هەمان ڕاپۆرت، ئەم سێ هاوڵاتییە بە تۆمەتی “بەشداریکردن لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ ڕژێمی ئیسرائیل، ئەمریکا و گرووپە نەیارەکان، ئامادەبوونی چالاکانە و چەکدارانە لە خۆپیشاندانەکاندا، هەڵگرتنی چەک، ئاگرتێبەردان و تێکدانی مۆڵکی گشتی، دروستکردن و تەقاندنەوەی ماددەی تەقەمەنی و تێکدانی دامەزراوە گشتییەکان لەوانەش وێستگەیەکی کارەبا لە یەکێک لە ناوچەکانی کەرەج” تۆمەتبار کرابوون.

بڕیارەکانی لەسێدارەدان دوای پشتڕاستکردنەوەیان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە جێبەجێ کران. میزان ڕایگەیاند کە هەشت تۆمەتباری دیکەی هەمان دۆسیە بە پێنج تا دە ساڵ زیندان سزا دراون.

تا کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، هیچ زانیارییەک لەسەر پرۆسەی دادوەریی دۆسیەکە، چۆنیەتی بەڕێوەچوونی دانیشتنەکانی دادگا، ئەوەی ئایا ئەم سێ کەسە دەستیان بە پارێزەر گەیشتووە یان نا و ئایا لە مافە یاساییەکانی دیکە بەهرەمەند بوون یان نا، دەست نەکەوت.