ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا: وەحید سەفەری، پاسەوانی سنوور، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا
1 خولەک خوێندنەوە
چی ڕوویدا؟
بە پێی زانیارییەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا (هانا)، وەحید سەفەری کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا. ئەو خەڵکی سەرپێڵی زەهاوە، کە سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.
سەفەری لە یەکەی پاسەوانی سنوور لە قەسری شیرین کاری دەکرد. قەسری شیرینیش سەر بە پارێزگای کرماشانە.
هانا ڕایگەیاند کە گوشارەکانی فەرماندەیی ئەو دامەزراوە سەربازییە بوونە هۆی خۆکوشتنی سەفەری.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی هانا، گوشاری بەردەوامی فەرماندەیی و گواستنەوەی زۆرەملێ کە لە کاتی خزمەتدا سەپێنرابوو، لە هۆکارەکانی خۆکوشتنەکە بوون.
هانا ئاماژەی بەوە کرد کە تا کاتژمێری بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتەکە، زانیاریی زیاتری لەسەر کات و وردەکارییەکانی ڕووداوەکە دەست نەکەوتووە.