دابەشکردنی نەوتی سپی لە سلێمانی دەستی پێکرد، شارەکە کرا بە 10 مەڵبەند

چی ڕوویدا؟
شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی، ڕایگەیاند کە دابەشکردنی نەوتی سپی لە 21ی تشرینی دووەمەوە لە قەزای پێنجوێنی سەر بە سلێمانی دەستی پێکردووە.
عوسمان ئاماژەی بەوە کرد کە دابەشکردنەکە لەوێوە بەرەو شارباژێڕ و ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.
وتیشی، دوای تەواوبوونی دابەشکردن لە ناوچە شاخاوییەکان، پرۆسەکە لە سەنتەری شاری سلێمانی دەست پێ دەکات.
بە گوتەی عوسمان، سەنتەری شارەکە کراوە بە 10 مەڵبەند.
لە دابەشکردنەکەدا 100 لیتر نەوتی سپی بەر هەر خێزانێک دەکەوێت و لە بەرامبەردا 33 هەزار دینار وەردەگیرێت.
لە سەنتەری شارەکەدا سەرەتا دابەشکردن لە مەڵبەندەکانی 8 و 9 و 10 دەست پێ دەکات، چونکە ئەو مەڵبەندانە ساڵی ڕابردوو نەیانتوانیبوو نەوتی سپی وەربگرن.
ئومێد عومەر، سەرۆکی لێژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی پێنجوێن، ڕایگەیاند کە 15 تانکەر نەوتی سپی بۆ قەزاکە دابین کراوە.
عومەر ئاماژەی بەوە کرد کە دابەشکردن لە سەنتەری قەزاکە، لە گەڕەکی ناوشاخانەوە دەستی پێکردووە.
عومەر داوای لە هاووڵاتیان کرد پابەندی ڕێنماییەکان بن و هاوکاریی لێژنەکان بکەن.
هەروەها وتی، وەجبەی دووەمی نەوتی سپی لە ماوەیەکی کورتدا دەگاتە پێنجوێن.
لە 8ی تشرینی دووەمی 2026دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر ناردنی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمەکە، وەک یەکەم وەجبە بۆ زستان، ڕێککەوتبوون.
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەکێتی) لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم ناردنە لەسەر داوای ئەوان بووە.
سەرۆکی فراکسیۆنەکە، هەرێم کەمال ئاغا، پێشتر پشتڕاستی کردبووەوە کە نەوتی سپییەکە لەسەر داوای ئەوان لە عێراقەوە نێردراوە.
بەپێی دابەشکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، لەو بڕە 21 ملیۆن لیتر بۆ سلێمانی و ، 17 ملیۆن لیتر بۆ هەولێر و 12 ملیۆن لیتریش بۆ دهۆک تەرخان کراوە.
بەرپرسانی سامانە سروشتییەکان پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە هەرێمەکە داوای 268 ملیۆن و 710 هەزار و 600 لیتر نەوتی سپی کردووە، بەڵام بەغدا تەنیا لە سەدا 19ی ئەو بڕەی ناردووە.
ئێستا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا نرخی 200 لیتر نەوتی سپی، واتە یەک بەرمیل، لە 300 هەزار دینار زیاترە.
لەبەر ئەوەی هاووڵاتیان توانای دانی ئەم نرخەیان نییە، ڕۆژانە بە دەبە نەوتی سپی دەکڕن.