خانی حیساری بەڕێوەبەری قوتابخانە لە قامشلۆ باسی کەمیی ڕەحلە و کتێب دەکات

چی ڕوویدا؟
بەپێی هەواڵێکی تایبەتی کوردستان24، لە قوتابخانەکانی قامشلۆ، سەر بە پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، سەدان منداڵ لە کاتی وانەکاندا لەسەر زەویی کۆنکریتی سارد دادەنیشن. لە پۆلەکاندا نزیکەی هیچ ڕەحلە و ئامرازێکی گەرمکردنەوە نییە. ئەم دۆخە لە نێوان مامۆستایان و دایک و باوکاندا نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی بەرفراوانی دروست کرد.
لەگەڵ هاتنی سەرمای توند، قوتابخانەکانی قامشلۆ ڕووبەڕووی بارودۆخێکی زۆر قورس بوونەوە. دابینکردنی ڕەحلەی قوتابخانە و سووتەمەنی بە یەکێک لە سەرەتاییترین ئەرکەکانی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان دادەنرێت. بەڵام بەهۆی کەموکوڕی لە دابینکردنی سۆبە و سووتەمەنیدا، پۆلەکان وەک سەهۆڵ سارد بوون.
خانی حیساری، کە بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکە، باسی گرفتەکان دەکات و دەڵێت کە کەموکوڕییەکان زۆرن، نە ئاو هەیە، نە ڕەحلە و نە کتێب، و بەرنامەی خوێندن و کتێبەکان بە ژمارەیەکی زۆر کەم دەگەنە دەستیان. هەروەها دەڵێت کە هەندێک جار لە کاتێکدا قوتابخانەکە 1200 قوتابیی هەیە، تەنها 10 کتێب وەردەگرن.
بەرامبەر بەم دۆخە، چالاکوانان و گەنجانی خۆبەخشی شارەکە دەستیان بە دەستپێشخەرییەکی جەماوەری بە ناوی بۆ هەر منداڵێک ڕەحلەیەک کرد. ئامانجی دەستپێشخەرییەکە ئەوەیە کە بە توانای خۆیان ڕەحلە و پێداویستییەکانی گەرمکردنەوە بۆ پۆلەکان دابین بکەن.
ئیمان ئیبراهیم، بەرپرسی کەمپەینەکە، باسی سەرهەڵدانی دەستپێشخەرییەکە دەکات و دەڵێت کە منداڵەکانیان لە قوتابخانەکانن و دۆخی ئەوێ زۆر خراپە. هەروەها دەڵێت کە بڕیاریان دا یارمەتیی یەک یان دوو پۆلیش بدەن، پاشان دەستپێشخەرییەکەیان فراوان کرد تا بگاتە زۆرترین ژمارەی قوتابی. ئیمان ئیبراهیم ئاماژە بەوە دەکات کە پلەی گەرما بە توندی دابەزیوە و سەرمای بەستەڵەک ئێستا تەندروستی و سەلامەتیی منداڵان دەخاتە مەترسییەوە.
بواری پەروەردە لە شارەکەدا، جگە لە کەمیی ڕەحلە و سۆبە، ڕووبەڕووی کێشەی خزمەتگوزاریی ئاڵۆزیش بووەتەوە. هێشتا خێزانە ئاوارەکان لە هەندێک قوتابخانەدا نیشتەجێن. ئەم دۆخە پرۆسەی پەروەردە پەک دەخات. لە دابەشکردنی کتێبە خوێندنییەکانیشدا دواکەوتنێکی گەورە هەیە. سەرەڕای ئەوەی نزیکەی نیوەی ساڵی خوێندن تێپەڕیوە، هێشتا کتێبەکان بە تەواوی ڕادەست نەکراون.