بڕۆ بۆ ناوەڕۆک
باشوورسیاسەت

لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق داوای ڕاگرتنی پرۆسەی خۆکاندیدکردنی لە شنگال کرد

1 خولەک خوێندنەوە
لیژنەیەکی پەرلەمانی عێراق داوای ڕاگرتنی پرۆسەی خۆکاندیدکردنی لە شنگال کرد

چی ڕوویدا؟

لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو پرۆسەی خۆکاندیدکردنەی کرد کە بۆ پۆستی قایمقامی قەزای شنگال دەستی پێ کراوە. قەزای شنگال سەر بە پارێزگای نەینەوایە. تا ئێستا لەم پرۆسەیەدا نۆ کەس ژیاننامەی خۆیان پێشکەشی ئەنجوومەنی پارێزگای کردووە. دەرگای خۆکاندیدکردن ڕۆژی یەکشەممە 18ی تشرینی یەکەم کرایەوە و ڕۆژی پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەم داخرا.

چەند مەرجێک بۆ خۆکاندیدکردن دەستنیشان کران. دەبێت کاندید خەڵکی پارێزگای نەینەوا بێت و تەمەنی لە 30 ساڵ زیاتر بێت. هەروەها داوا دەکرێت ڕابردووی کاندید پاک بێت. ئەم مەرجە بەو واتایەیە کە ئەندامی حیزبی بەعس نەبووبێت. جگە لەوەش دەبێت کاندیدەکان زیاتر لە 10 ساڵ خزمەتیان هەبێت. چاوەڕوان دەکرێت لەم هەفتەیەدا ناوی کاندیدەکان ڕابگەیەندرێت.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا وتی لە داهاتوویەکی نزیکدا دەنگدان لەسەر قایمقامی نوێ دەکرێت. ئەو ئەندامە ئەوەشی ڕاگەیاند کە قایمقامەکە کەسێکی خەڵکی شنگال دەبێت. چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا قایمقامەکە دەستنیشان بکرێت.

لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە 22ی تشرینی یەکەم نووسراوێکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کرد. لیژنەکە داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەو ڕێکارانەی خۆکاندیدکردنی کرد کە بۆ پۆستەکانی قایمقامی قەزای شنگال و ناحیەی باکوور بەڕێوە دەبرێن. لیژنەکە هەروەها هۆشداری دا کە سەرپێچیی دەستووری و یاسایی هەیە.

بە گوێرەی نووسراوی لیژنەکە، کردنەوەی دەرگای خۆکاندیدکردن بۆ دوو پۆست پێچەوانەی یاسایە. لیژنەکە ڕایگەیاند کە ئەو پۆستانە چۆڵ نین. بە گوتەی لیژنەکە، دادگای کارگێڕی و دادگای کارگێڕی باڵا بڕیاری یەکلاکەرەوەیان دەرکردووە. لیژنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بڕیارانە سەلماندوویانە سیدو خیری و داود جندی بە ڕێگەی یاسایی هەڵبژێردراون.

لیژنەکە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکان لە دەرەوەی ڕێکارەکانی لێپرسینەوە و لەکارلادان ناگۆڕدرێن. بە گوێرەی لیژنەکە، ئەم ڕێسایە لە یاسای پارێزگاکانی نەبەستراو بە هەرێم ژمارە 21ی ساڵی 2008ی هەموارکراودا هاتووە. لیژنەکە هەروەها ڕایگەیاند کە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ بەدواداچوونی دۆسیەکە پێکهێنراوە.