ئاو و کارەبای 20 گوند لە پارێزگای کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بڕا.

چی ڕوویدا؟
حیشمەت رەزایی، قایمقامی قەزای گەیەڵان سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕایگەیاند کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و هەورەبروسکەوە ئاو و کارەبای 20 گوند بڕاوە.
رەزایی ڕۆژی یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەم، لە لێدوانێکدا وتی کە بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و هەورەبروسکەوە، هێڵەکانی گواستنەوەی کارەبا و پڕۆژەکانی ئاو لە 20 گوندی ناوچەی وێژنان زیانیان بەرکەوتووە و لە کار کەوتوون.
قایمقام ڕایگەیاند کە تیمەکانی چاککردنەوە بێ وچان بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەکان کار دەکەن. رەزایی ئاماژەی بەوە کرد کە بەردەوامیی بارانبارین و سەختیی سروشتی ناوچەکە کاری تیمەکانیان قورس کردووە. بە وتەی رەزایی، هێشتا ئاو و کارەبا بۆ گوندەکان نەگەڕێنراونەتەوە.
رەزایی هۆشداریشی دا کە شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت. قایمقام وتی کە ئەگەری بارینی تەرزە و هەورەبروسکەی بەهێز هەیە. رەزایی داوای لە خەڵکی ناوچەکە و شوانەکان کرد کە لە ناوچە شاخاوییەکان و ڕێڕەوی ڕووبارەکان دوور بکەونەوە.
لە ئێوارەی هەینی، 6ی تشرینی دووەمەوە، بارانێکی بەخوڕ لە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبارێت. لە هەندێک ناوچەی شاخاویش بەفر باری. بەپێی پێشبینییە کەشناسییەکان، چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین تا ڕۆژی دووشەممە، 9ی تشرینی دووەم، بەردەوام بێت.