فەرمانگەی قەیرانەکانی ئیلام: بە هۆی هەورە برووسکەوە 2 کەس گیانیان لەدەست دا

چی ڕوویدا؟
عەلی محەمەد پاکدڵ نەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی قەیرانەکانی پارێزگای ئیلام ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هەورە برووسکە لە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان 2 کەس گیانیان لەدەست دا و 3 کەس بریندار بوون. هەورە برووسکەکان لە کاتی خراپیی کەشوهەوای پارێزگاکەدا لە شوێنی جیاجیا کەوتن.
پاکدڵ نەژاد ئاشکرای کرد، لە شارۆچکەی بەدرە سەر بە پارێزگای ئیلام هەورە برووسکە بەر گرووپێک کەوتووە کە بۆ گەشت چووبوونە ناوچەیەکی گوندنشین. بەپێی ئەو زانیارییانەی پاکدڵ نەژاد دای، لەو ڕووداوەدا 2 کەس گیانیان لەدەست دا و 2 کەسی دیکەش بریندار بوون.
پاکدڵ نەژاد ڕایگەیاند، ڕووداوێکی هاوشێوە لە ناوچەی زەڕنەی سەر بە شارۆچکەی ئەیوانیش ڕووی داوە. بەگوێرەی قسەی بەڕێوەبەری گشتی، لە زەڕنە هەورە برووسکە بەر 1 کەس کەوت و ئەو کەسە بریندار بوو.
ساسان رۆستەمی، شارەزای کەشناسی لە ئیلام وتی، بارانەکانی پاییز و ناسەقامگیریی کەشوهەوا تا ناوەڕاستی هەفتە بەردەوام دەبێت. رۆستەمی سەبارەت بە مەترسیی ڕەشەبا، تەمومژ و هەورە برووسکە هۆشداریی دا. رۆستەمی ئاماژەی بەوە کرد کە پێویستە شاخەوانان و سروشتدۆستان سەر نەکەونە شوێنە بەرزەکان. شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند کە پێویستە هەوارچییەکان و کۆچەرییەکانیش لە ڕێڕەوی ڕووبارەکان دوور بکەونەوە.