بڕۆ بۆ ناوەڕۆک
باشوورکۆمەڵگا

سەرکوت ئیبراهیم دوایین ساتەکانی کوڕەکەی دەگێڕێتەوە کە لە لافاوەکەی هەولێردا گیانی لەدەست دا

1 خولەک خوێندنەوە
سەرکوت ئیبراهیم دوایین ساتەکانی کوڕەکەی دەگێڕێتەوە کە لە لافاوەکەی هەولێردا گیانی لەدەست دا

چی ڕوویدا؟

شەوی شەممە، شاری هەولێر ڕووبەڕووی بارانی بەخوڕ و ئاوی لافاو بووەوە. سەرکوت ئیبراهیم، کە کوڕە پێنج ساڵانەکەی لەدەست دا، دوایین ساتەکانی پێش کارەساتەکەی گێڕایەوە.

سەرکوت ئیبراهیم وتی کە ڕووداوەکە لە نێوان کاتژمێر 18.00 و 18.30ی ئێوارەدا ڕوویدا، کاتێک لەگەڵ کوڕە بچووکەکەی لە دووکانەکەی خۆیەوە لە گەڕەکی هەولێری نوێ بۆ ماڵەوە دەگەڕایەوە. ئاماژەی بەوە کرد کە کاتێک گەیشتنە فلکەی گەڕەکەکە، ڕووبەڕووی لافاوێکی لەناکاو و زۆر خێرا بوونەوە.

بە وتەی ئیبراهیم، ئۆتۆمبێلەکەی بەرگەی هێزی ئاوەکەی نەگرت و ئاوەکە ئۆتۆمبێلەکەی ڕاپێچی ناو کەناڵێکی ئاوەڕۆ کرد. ڕایگەیاند کە پێش ئەوان دوو یان سێ ئۆتۆمبێلی دیکەش کەوتبوونە هەمان کەناڵەوە.

باوکەکە هەروەها باسی دوایین گفتوگۆی نێوان خۆی و کوڕەکەی کرد و وتی کە ئەو گفتوگۆیە لە ساتی شڵەژانەکەدا ڕوویدا، کاتێک هەردووکیان بە تەنها لە ئۆتۆمبێلەکەدا مابوونەوە. وتی کە کاتێک هەوڵی دەدا کوڕەکەی هێور بکاتەوە، پێی وتبوو کە کوڕم مەترسە و هیچمان بەسەر نایەت. هەروەها وتی کە منداڵەکەش لێی پرسیبوو کە بابە، ئەگەر بمرین چی دەبێت.

ئیبراهیم ئاماژەی بەوە کرد کە دوای کارەساتەکە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی، شارەوانی و پارێزگای هەولێر بە خێرایی گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە. ڕایگەیاند کە تیمەکان لە ماوەی 30 بۆ 40 خولەکدا لاشەی بێگیانی منداڵەکەیان لە ئاوەکە دەرهێنا.

بارانی بەهێز کە لە پێنجشەممەی ڕابردووەوە (5ی تشرینی دووەم) لە هەرێمی کوردستاندا بەردەوامە، ئێوارەی شەممە گەیشتە بەرزترین ئاست. بەهۆی بارانەکەوە، شەقامەکانی زۆرێک لە گەڕەکەکانی هەولێر کەوتنە ژێر ئاو و ئاو چووە ناو ماڵەکان.

لە لافاوەکاندا دوو کەس گیانیان لەدەست دا، یەکێکیان منداڵێکی پێنج ساڵان و ئەوی دیکەیان شۆفێری ئامێرێکی کار بوو.

پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند کە بۆ پاراستنی ئاسایشی قوتابیان و ستافی پەروەردەیی، ڕۆژی یەکشەممە خوێندن لە هەموو قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەکانی پارێزگاکەدا ڕاگیرا.