بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی 12ی کەشناسیی تورکیا ئاگاداریی سەرمابردنی کشتوکاڵیی دا

چی ڕوویدا؟
لە پارێزگای ئەرزڕۆمی باکووری کوردستان، ئەو بارانەی بە درێژایی ڕۆژ باری، لە کاتژمێرەکانی ئێوارەدا بوو بە بەفر. بەهۆی بارینی چڕەوە ناوەندی شار سپیپۆش بوو. هاتوچۆی ئۆتۆمبێلیش تێکچوو.
لە ئەرزڕۆم پلەی گەرما دابەزییە ژێر سفرەوە. شەقام و کۆڵانەکان لە ماوەیەکی کورتدا بە بەفر داپۆشران. شۆفێران جاروبار بە زەحمەت دەڕۆیشتن. هەندێک هاوڵاتی هاتنە سەر شەقامەکان و لەبەردەم بینا مێژووییەکاندا چێژیان لە بەفر وەرگرت.
لە لایەکی ترەوە، بەڕێوەبەرایەتیی ناوچەی 12ی کەشناسیی تورکیا ڕایگەیاند کە بەهۆی زیادبوونی کاریگەریی کەشی سارد، ئاگاداریی سەرمابردنی کشتوکاڵی دەدات. ئاگادارییەکە پارێزگاکانی ئەرزڕۆم، ئەرزنگان و ئەردەخانی باکووری کوردستان دەگرێتەوە. ئاگادارییەکە پارێزگای بایبورتی تورکیاش دەگرێتەوە.
بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، لە شەممە 7ی تشرینی دووەمەوە لە سەرانسەری ناوچەکەدا سەهۆڵبەندان ڕوو دەدات. بەڕێوەبەرایەتییەکە ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە هەندێک شوێندا سەهۆڵبەندانەکە توندتر دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەکە داوای لە جووتیاران و ئەو کەسانەی خەریکی کشتوکاڵن کرد کە وریا بن. هەروەها ڕایگەیاند کە پێویستە ئەم کەسانە بەرامبەر ئەو زیان و مەترسییانەی لەوانەیە لە سەرمابردنەوە دروست ببن ڕێوشوێن بگرنە بەر.