جێگری پارێزگاری ورمێ مەهدی رۆستەمی ڕایگەیاند کە ئاوی دەریاچەکە زیادی کردووە

چی ڕوویدا؟
بەپێی لێدوانی مەهدی رۆستەمی، جێگری پارێزگاری ورمێ بۆ کاروباری ئاوەدانکردنەوە، دەریاچەی ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووبارە دەبووژێتەوە. رۆستەمی وتی کە قەبارەی ئاوی دەریاچەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو 10 هێندە و ڕووبەرەکەشی چوار هێندە گەورە بووە. جێگری پارێزگار ڕۆژی یەکشەممە، 1ی تشرینی دووەمی 2026، ژمارە نوێیەکانی بۆ ڕای گشتی خستەڕوو.
رۆستەمی باسی گۆڕانی ڕووبەرەکەی کرد و وتی کە ڕووبەری دەریاچەی ورمێ ئێستا لە هەزار و 971 کیلۆمەتری چوارگۆشە تێپەڕیوە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا تەنیا 460 کیلۆمەتری چوارگۆشە بوو، بەمەش ڕووبەرەکەی چوار هێندە زیادی کردووە.
جێگری پارێزگار سەبارەت بە بڕی ئەو ئاوەی لە دەریاچەکەدا کۆبووەتەوە وتی کە قەبارەی ئاوی دەریاچەکە ئێستا گەیشتووەتە 2 ملیار و 550 ملیۆن مەتری سێجا و ئەم بڕە 10 هێندەی هەمان ماوەی ساڵی ڕابردووە.
رۆستەمی ئاماژەی بەوە کرد کە ئاستی ئاوی دەریاچەکە لە ئاستی ڕووی دەریاوە گەیشتووەتە هەزار و 270 مەتر و 59 سانتیمەتر. بە وتەی ئەو، ئاستەکە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 1 مەتر و 10 سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.
رۆستەمی باسی ئەو کارانەشی کرد کە بۆ بەردەوامیی بووژانەوەکە دەکرێن و وتی کە بە بەردانی بەردەوامی ئاو لە بەنداوەکانەوە، پاککردنەوەی ڕێڕەوی ڕووبارەکان و ڕێگری لە بەفیڕۆچوونی ئاو، هەموو هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی سوود لە بارانبارینی ئەمساڵ وەربگرن و دەریاچەکە لە وشکبوون ڕزگار بکەن.
دەریاچەی ورمێ گەورەترین دەریاچەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. هەروەها دووەم گەورەترین دەریاچەی سوێری جیهانە. لە ساڵانی پڕئاودا ڕووبەرەکەی لە 6 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە تێپەڕیبوو. لەو ماوانەدا زیاتر لە 32 ملیار مەتری سێجا ئاوی لەخۆ دەگرت. دەریاچەکە لە دوو دەیەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی مەترسیی وشکبوونی تەواوەتی بووەوە. هۆکارەکانی ئەم مەترسییە گۆڕانی کەشوهەوا و ئەو دەیان بەنداوە بوون کە لەسەر سەرچاوەکانی دروست کراون.