بەڕێوەبەری مانگی سووری ورمێ: لە لافاوەکەدا 2 کەس گیانیان لەدەستدا

چی ڕوویدا؟
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری مانگی سووری ورمێ، ڕایگەیاند کە بارانی بەخوڕ و تەرزە لە باکووری ورمێ لافاوی دروست کرد و لە لافاوەکەدا 2 کەس گیانیان لەدەستدا. ورمێ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و سەر بە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوای ئێرانە. بارانەکە لە 5 گوندی سەر بە شارۆچکەی سەڵماس و گوندێکی سەر بە ماکۆ بووە هۆی لافاو. گوندەکانی سەڵماس دەکەونە سەر ڕێگەی سەرەکیی نێوان سەڵماس و خۆی.
کۆمەڵەی مانگی سووری ورمێ ڕایگەیاند کە 9 تیمی گەڕان و ڕزگارکردنی، کە لە 43 کەس پێکدێن، بۆ ناوچە لافاولێدراوەکان ناردووە. ڕاگەیەندرا کە تیمەکان لە ناوچەکەدا یارمەتیی خەڵکی زیانلێکەوتوو دەدەن.
بەپێی مەحبووبی، لافاوەکە گوندەکانی شۆرک، کانیان، سێلاو، شەکەریازی و مافی کەندیی سەر بە سەڵماسی گرتەوە. بەپێی لێدوانی مەحبووبی، لە گوندی کانیان 2 کەس گیانیان لەدەستدا. مەحبووبی وتی کە یەکێکیان کچێکی تەمەن 10 ساڵان و ئەوی دیکەیان پیاوێکی تەمەن 63 ساڵان بوو.
مەحبووبی ئاماژەی بەوە کرد کە لەم گوندانەدا ئاو 17 ماڵی داگرت. بەپێی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرەکە، بەم هۆیەوە 78 گوندنشین بۆ شوێنی پارێزراو گوێزرانەوە.
لافاوەکە ڕێگەی سەرەکیی نێوان سەڵماس و خۆیشی گرتەوە. ڕاگەیەندرا کە ڕێگەکە بۆ ماوەی چەند کاژێرێک لە بەردەم هاتوچۆدا داخرا.
مەحبووبی ڕایگەیاند کە گوندی ئێڤلەنلەری سەر بە ماکۆش کەوتە بەر لافاوەکە. بەڕێوەبەری مانگی سوور باسی دۆخی گوندەکەی کرد و وتی کە ئاو 7 ماڵی داگرتووە و 24 دانیشتووی گوندەکە بۆ شوێنی پارێزراو گوێزراونەتەوە.