وەزیری ناوخۆی تورکیا: دوو ساڵە هیچ سەربازێک نەکوژراوە

چی ڕوویدا؟
مستەفا چیفتچی، وەزیری ناوخۆی تورکیا، دەڵێت کە دوو ساڵە هیچ سەربازێک گیانی لەدەست نەداوە. ئەو پرۆسەیەی حکوومەتی تورکیا ناوی تورکیای بێ تیرۆری لێناوە و دەم پارتیش پەسەندی کردووە، لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پەکەکەدا بەردەوامە. چیفتچی نەبوونی قوربانیی سەربازان بە گرنگترین دەستکەوتی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر دادەنێت.
چیفتچی لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە ئیتر شەڕ لەگەڵ پەکەکە ڕوونادات. وەزیر دەڵێت کە ڕێکخراوەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و چەکی دانا، بۆیە شەڕەکە کۆتایی هات. وەزیر هەروەها دەڵێت کە بەرەنگاربوونەوەیان دژی تیرۆر بەردەوامە و بۆ نموونە دژی فەتۆ، گرووپە ئایینییە توندڕەوەکان و ڕێکخراوە تیرۆریستییە چەپە ڕادیکاڵەکان خەبات دەکەن.
چیفتچی وتی کە لە چوارچێوەی پرۆسەی ناوچەی بێ تیرۆردا پێشهاتی ئەرێنی لە سووریا و عێراق ڕوویان داوە. وەزیر ئاماژەی بەوە کرد کە هیوادارە هاوشێوەی ئەو پێشهاتانە لە ئێرانیش ڕووبدەن. حکوومەتی تورکیا پرۆسەکە لە ناوخۆی وڵات بە تورکیای بێ تیرۆر و لە دەرەوەی وڵات بە ناوچەی بێ تیرۆر ناودەبات.
چیفتچی ژمارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوەکانی تاوانی ڕێکخراویشی بڵاوکردەوە و وتی کە لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا 1741 ئۆپەراسیۆنیان دژی 625 ڕێکخراوی تاوانکاریی نوێ و تاوانی ڕێکخراو ئەنجامداوە و لە ئەنجامدا 8 هەزار و 170 کەس دەستبەسەرکراون. بەپێی زانیارییەکانی وەزیر، لە ئۆپەراسیۆنەکاندا دەست بەسەر داهاتێکی نزیکەی 95 ملیار لیرە (نزیکەی 2 ملیار دۆلار)دا گیراوە.
چیفتچی ئاشکرای کرد کە نزیکەی یەک لەسەر سێی ئەو کەسانەی لە زیندانەکانی تورکیادان بە تاوانی مادەی هۆشبەر گیراون. وەزیر وتی کە ئێستا 434 هەزار کەس لە زیندانەکانی تورکیادان و لە سەدا 36یان بەهۆی تاوانی مادەی هۆشبەرەوە گیراون، هەروەها لە 9 مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا 42 هەزار و 377 ئۆپەراسیۆنیان ئەنجامداوە و 35 هەزار و 819 کەس دەستبەسەرکراون.