بەهۆی کێشەکانی بەغدا پارێزگار بۆ کەرکووک دانەنرا و شارەکە لە بۆشاییدایە

چی ڕوویدا؟
زیاتر لە مانگێکە پارێزگای کەرکووک بێ پارێزگارە و بۆشاییەکی کارگێڕی لە شارەکەدا هەیە. تورکمانەکان بۆ پۆستی پارێزگار لەسەر ناوی قەحتان وەنداوی ڕێککەوتبوون. بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو دەستی کەوتوون، قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەق، ڕێگری لەم دانانە دەکات. هەروەها گوازرایەوە کە خەزعەلی ڕایگەیاندووە کە پێویستە تورکمانێکی شیعە بۆ ئەو پۆستە دابنرێت.
ئەحمەد رەمزی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئەو زانیارییەی ڕەت نەکردەوە. رەمزی دەڵێت کە لە میدیاوە بیستوویەتی، ئێستا لەگەڵ سەرکردەکان لە پەیوەندیدایە و هێشتا لەوە دڵنیا نەبووەتەوە.
هەڵوێستی خەزعەلی فراکسیۆنی عەرەبیشی لە ئەنجوومەنی پارێزگا کرد بە دوو بەشەوە. بۆیە ئەنجوومەنەکە ناتوانێت کۆببێتەوە. رەعد ساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی، دەڵێت کە بەڕێز قەحتان وەنداوی دوای گفتوگۆ و ڕێککەوتن دیاری کرا، بەڵام هەندێک کێشەی سیاسی هەن کە لە بەغدان نەک لە کەرکووک.
لایەنە کوردییەکانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگاش دوو بۆچوونی جیاوازیان هەیە. ئەندامانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەکێتی) چاوەڕوانی ئەنجامی کۆبوونەوەیەکن بۆ ئەوەی ناوێکی دیکە هەڵبژێرن. ئەو کۆبوونەوەیە لە نێوان بافڵ تاڵەبانی، ئەمینداری گشتیی یەکێتی، و محەممەد حەلبووسی و خەمیس خەنجەردایە. نەشئەت شاهوێز، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، دەڵێت کە ئەوان لە ئەنجوومەندا چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی بوون، بەڵام دیارە وەک حکومەتی خۆجێیی کەرکووک پێویستە ڕێککەوتنەکە لە بەغدا بکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) هێشتا بڕیاری نەداوە کە بەشداریی کۆبوونەوەکە دەکات یان نا. پارتی پێی وایە سیستەمی ئاڵوگۆڕی پۆستەکان سەرکەوتوو نەبووە. حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا، دەڵێت کە وا دیارە پارێزگار هەمیشە لە درەنگانی شەودا بۆیان دیاری دەکرێت و بۆیە لە تاریکیی دوێنێ شەویشدا نەکرا. مەجید هەروەها دەڵێت کە با ئەوان بگەنە ڕێککەوتنێک و پارتیش لە کاتی خۆیدا بڕیاری خۆی دەدات.
پۆستی پارێزگاری کەرکووک تا کۆتایی ئەمساڵ پشکی تورکمانەکانە. ئەو کەسەی بۆ ئەو پۆستە دادەنرێت، لە ساڵی 2003ەوە دەبێتە شەشەمین پارێزگاری شارەکە.