لە دیلۆک پاسێکی گەشت و بارهەڵگرێک پێکدادران، 20 کەس بریندار بوون

چی ڕوویدا؟
ڕاگەیەنرا کە لە شارۆچکەی نوورداغی سەر بە پارێزگای دیلۆک پاسێکی گەشت و بارهەڵگرێک پێکدادران و 20 کەس بریندار بوون. ئاماژە بەوە کرا کە بارودۆخی 3 لە بریندارەکان سەختە.
ڕووداوەکە لە بەشی نوورداغی ڕێگای خێرای تارسوس-ئەدەنە-عەنتاب (TAG)، لە ناوچەی نۆگایلار ڕوویدا. ئیدیعا کرا کە بارهەڵگرێکی بارکراو بە پەین بە ژمارەی 21 AHH 969، کە ئۆ.ئا. لێی دەخوڕی، لە کۆنترۆڵ دەرچووە. بەپێی ئیدیعاکە، بارهەڵگرەکە بەر دیواری ناوەڕاستی ڕێگاکە کەوت و لار بووەوە. پاسی گەشتی ژمارە 47 ACE 644، کە لە دواوە دەهات و س.ئا. لێی دەخوڕی، بەر بارهەڵگرە لاربووەکە کەوت. دوای پێکدادانەکە ژمارەیەکی زۆر لە سەرنشینانی پاسەکە بریندار بوون.
سەنتەری پەیوەندیی فریاکەوتنی 112 ئاگادار کرایەوە. دوای ئەوە ژمارەیەکی زۆر تیمی جەندرمە، تەندروستی، ئاگرکوژێنەوە و UMKE ڕەوانەی ناوچەکە کران. تیمەکانی جەندرمە ڕێوشوێنی ئاسایشیان لە ڕێگاکەدا گرتەبەر. تیمە تەندروستییەکان لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەری سەرەتاییان بۆ 20 بریندار کرد، کە بارودۆخی 3یان سەخت بوو. پاشان بریندارەکان گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەکانی ناوەندی شاری دیلۆک.
زانرا کە پاسە گەشتییەکە سەرنشینی لە ئیستەنبوڵەوە بۆ شاری مێردین دەگواستەوە.
دوای ڕووداوەکە، هاتووچۆی ڕێگا خێراکە بەرەو دیلۆک بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو لە یەک هێڵەوە بەڕێوە برا. شۆفێری بارهەڵگرەکە دەستگیر کرا. لێکۆڵینەوەیەکی فراوان سەبارەت بە ڕووداوەکە دەستی پێ کرا.