پلاتفۆرمی تاوانەکان دژی ژنان دەوەستێنین کوشتنی 20 ژنی ڕاگەیاند

چی ڕوویدا؟
پلاتفۆرمی تاوانەکان دژی ژنان دەوەستێنین ڕاپۆرتەکەی خۆی لەبارەی توندوتیژیی دژی ژنان لە تورکیا و باکووری کوردستان بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتی پلاتفۆرمەکە، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا 20 ژن کوژراون. لە هەمان مانگدا 39 ژنیش بە شێوەیەکی گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
ڕاپۆرتەکە بکەرانی تاوانەکانیشی دیاری کردووە. بەپێی زانیارییەکانی پلاتفۆرمەکە، پێنج ژن لەلایەن هاوژینەکانیانەوە و چوار ژن لەلایەن خۆشەویستەکانیانەوە کوژراون. چوار ژنیش بەدەستی هاوژینی پێشوویان گیانیان لەدەستداوە. ژنێک لەلایەن باوکییەوە و سێ ژنیش لەلایەن خزمەکانیانەوە کوژراون. سێ ژن لەلایەن کەسانی ناسنامە نادیارەوە کوژراون.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەو شوێنانەش کراوە کە تاوانەکانی تێدا ئەنجامدراون. بەپێی پلاتفۆرمەکە، نۆ ژن لە ماڵی خۆیاندا کوژراون. چوار ژن لە شوێنی چۆڵ و سێ ژنیش لە شەقام کوژراون. دوو ژن لە شوێنی کارەکەیان و دوو ژنیش لەناو ئۆتۆمبێلێکدا گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی پلاتفۆرمەکە، لەو ژنانەی کوژراون، 18یان لە شارەکانی تورکیا و دوویان لە باکووری کوردستان گیانیان لەدەستداوە. زۆرترین تاوان لە ئیزمیر و ئایدن ئەنجامدراوە. لەم دوو پارێزگایەدا شەش ژن کوژراون. تاوانەکانی باکووری کوردستان لە مەڵەتێ و ئامەد ڕوویانداوە.
ڕاپۆرتەکە ئەو ڕێگایانەشی خستە ڕوو کە بەکارهاتوون. بەپێی پلاتفۆرمەکە، 15 ژن بە چەکی گەرم و سێ ژن بە چەقۆ کوژراون. ژنێک بە خنکاندن و ژنێکیش بە سووتاندن کوژراون.
بەپێی ئامارەکانی پلاتفۆرمەکە، ژمارەی ئەو ژنانەی لە شەش ساڵی ڕابردوودا لە تورکیا و باکووری کوردستان کوژراون بەم شێوەیەیە:
| 2020 | 300 |
|---|---|
| 2021 | 367 |
| 2022 | 398 |
| 2023 | 315 |
| 2024 | 297 |
| 2025 | 294 |