بڕۆ بۆ ناوەڕۆک
باشوورکولتوور

فێستیڤاڵی ئەسپی ڕەسەنی کوردی لە سلێمانی ساز کرا

2 خولەک خوێندنەوە
فێستیڤاڵی ئەسپی ڕەسەنی کوردی لە سلێمانی ساز کرا

چی ڕوویدا؟

لە شاری سلێمانی لە هەرێمی کوردستان، چالاکییەکی فراوانی سوارچاکی و ڕمبازی ساز کرا. زیاتر لە 40 ئەسپی ڕەسەنی کوردی بەشدارییان لە چالاکییەکەدا کرد. سوارچاکان لە فێستیڤاڵەکەدا جۆرە جیاوازەکانی ئەسپی ڕەسەنی کوردییان نمایش کرد. توانای ڕاکردن و جووڵەی ئەسپەکانیش بۆ بینەران نیشان درا.

سوارچاکانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان، لەبەردەم ژمارەیەکی زۆری بینەراندا، لێهاتوویی خۆیان لە ئەسپسواریدا نیشان دا. چەند سوارچاکێکی تەمەن بچووکی لێهاتووش لە نێویاندا بوون.

بێهنام بەختیار، ڕێکخەری فێستیڤاڵەکە، باسی ئامانج و بەشداربووانی چالاکییەکە دەکات و دەڵێت کە ئەم سوارچاکییە لە کەلتووری کوردیدا بە ڕمبازی ناسراوە. بەختیار هەروەها دەڵێت کە لێرەدا هەر کەسێک توانای ئەسپەکەی خۆی نیشان دەدات. ڕادەگەیەنێت کە بەشداربووانیان لە شار و شارۆچکە جیاجیاکانی کوردستانەوە هاتوون و لە کەرکووک، کۆیە، سەنگاو، سەیدسادق، و سلێمانییەوە بەشدارییان کردووە. بەختیار جەخت دەکاتەوە کە گرنگترین شت ئەوەیە کە هەموو ئەو ئەسپانەی ئەمڕۆ بەشدارییان کردووە ئەسپی ڕەسەنی کوردین.

ئەبدوڵڵا سەعید، یەکێک لە بەشداربووان، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە ئەم کەلتوورە بپارێزرێت. سەعید دەڵێت کە ئەم چالاکییە تەنها نمایشکردنی لێهاتووییەکان نییە، بەڵکو نیشانەیەکیشە بۆ برایەتی و خۆشەویستی و یەکێتیی نێوان ئەسپدۆستان و بەخێوکەرانی ئەسپ لە سەرانسەری کوردستاندا.

لە فێستیڤاڵەکەدا چەند سوارچاکێکی گەنج و هەرزەکار سەرنجیان ڕاکێشا. ئەم سوارچاکانە سەرەڕای تەمەنی بچووکیان، زیاتر لە دە ساڵە ڕەنج بە سوارچاکی دەدەن. فەرزاد قەهرەمان، یەکێک لە سوارچاکە گەنجەکان، باسی خۆشەویستیی خۆی بۆ ئەم وەرزشە دەکات و دەڵێت کە لە تەمەنی 11 ساڵییەوە فێری سوارچاکی بووە. قەهرەمان هەروەها دەڵێت کە چەندین جار لە ئەسپ کەوتووە و دەست و قاچی شکاون، بەڵام دەستبەرداری نەبووە. دەڵێت کە لەسەر پشتی ئەسپ نابێت ترس لە دڵی مرۆڤدا هەبێت و وەک دەڵێن، تا سوار نەکەوێت نابێتە سوار.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەسپی کوردی تایبەتمەندیی ناوازە و جوانی هەیە. ملێکی ئەستوور، ناوچەوانێکی کەمێک بەرز و چەماوە و گوێی کورت لە نێو ئەم تایبەتمەندییانەدان. باڵای مامناوەند و جەستەیەکی بەهێز و خۆڕاگریش لە تایبەتمەندییە دیارەکانی ئەم ڕەگەزەن. بەپێی شارەزایان، جگە لە هێزی جەستەیی، لێهاتوویی و زیرەکی و گوێڕایەڵی بۆ فەرمانەکانی سوارچاکەکەش لە دیارترین تایبەتمەندییەکانی ئەسپی ڕەسەنی کوردین. سوارچاکانی کوردیش ساڵانێکە هەوڵ دەدەن ئەم ڕەگەزە بپارێزن و زیندووی بهێڵنەوە.